هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی کوشتنی مەهدی تەوەکولی، چالاکوان و هونەرمەندی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ دایک و خوشکەکەی دەکات کە ئۆتۆمبێلەکەیان لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە کرایە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لەسەر ڕێگەی بانە بۆ مەریوان، هێزە ئەمنییەکانی سوپای پاسداران بە تەقەی ڕاستەوخۆ مەهدی تەوەکولی، چالاکوان و هونەرمەندی خەڵکی سنە، لەگەڵ دایکی مریەم ئەسڵانی و خوشکەکەی سومەیە تەوەکولیان شەهید کردووە.
هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاش قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگە، پەنای بۆ ئەم کردارە دڕندانەیە بردووە و بۆیەش هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ کوژرانی ئەم بنەماڵە کوردە، داوا لە سەرجەم چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان و ئێران دەکات کە لە بەرانبەر ئەو ڕەفتار و کردەوە تیرۆریستییانەی ڕژێمدا، هاوهەڵوێست و یەکگرتوو بن.