لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئاستی مەترسییەکان لەسەر گەرووی بابولمەندەب بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە، کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی درۆن و مووشەکەکانی حوسییەکانی یەمەن کە وەک دیارترین هێزی نزیک لە ئێران هەژمار دەکرێن.
بەرپرسانی سەربازی هۆشداری دەدەن، هەر پەککەوتنێک لەم گەرووەدا نەک تەنیا ڕەهەندی هەرێمی، بەڵکو مەترسیی دروستکردنی قەیرانێکی گەورەی ئابووریی جیهانیشی لێ دەکەوێتەوە.
عەبدولناسر ئەلمەملوح، بەرپرسی میدیایی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی یەمەن ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودان و بە وردی چاودێری هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور دەکەن.
بەرپرسی میدیایی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی یەمەن ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 168 دوورگە لە دەریای سووردا هەن (لەوانە دوورگەکانی زوقار و هانیش کە دەکەونە ناوەڕاستی ڕێڕەوی بازرگانی) و هەموویان خستووەتە ژێر چاودێریی وردەوە، تاوەکو ڕێگری لە هەر هەوڵێکی سوپای پاسداران و حوسییەکان بگرن بۆ تێکدانی ئاسایشی دەریایی و چاندنی مین.