دەم پارتی چوارچێوەی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە چارەسەری ئامادە دەکات و سەرۆکی فراکسیۆنەکەشی ڕادەگەیێنێت، پڕۆژەکە پێشتر لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان گفتوگۆی لەسەر کراوە و ئێستا چاوەڕێی هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیان.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژەیاسا نوێیە، ڕێکخستنی پرۆسەی یاساییە بۆ ئەو کەسانەی چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە.
کۆچیغیت ئاماژەی بەوەش کرد، پێویست ناکات یاساکە زۆر درێژ بێت، بەڵکو دەبێت وەک "یاسایەکی قۆناغی ڕاگواستن" بێت کە بنەما و چوارچێوە گشتییەکانی تێدا دیاری دەکرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەش، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە چەندین یاسای ئێستا هەموار بکرێنەوە، لەوانەش "یاسای سزاکان" و "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
سەبارەت بە قۆناغەکانی داهاتووی پڕۆژەکە، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت بەخێرایی دەست بە ڕاوێژ و گفتوگۆکان بکرێت؛ پێویستە پڕۆژەیاساکە سەرەتا بنێردرێتە لیژنەی داد لە پەرلەمان و لەوێشەوە ئاڕاستەی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسندکردنی."