دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هۆشداری دەدات لە ململانێ ناوخۆییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و ڕایدەگەیێنێت، گواستنەوەی کێشەکانی ئەو حزبە بۆ سەر شەقام، زیان بە بەردەوامیی پڕۆسەی چارەسەری دەگەیێنێت و هەوڵێکە بۆ بەلارێدابردنی.
باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لەم قۆناخەدا سەرنجی ڕای گشتیی تورکیا تەنیا لەسەر ئەجێنداکانی چاکسازی و پڕۆسەی چارەسەری بێت، نەک ململانێ ناوخۆییەکانی جەهەپە.
گوتیشی: "نابێت ئەو لێکترازانەی لەناو جەهەپەدا ڕوویداوە تەنیا وەک کێشەیەکی حزبیی سادە سەیر بکرێت، چونکە کێشانی ململانێی حزبی بۆ سەر شەقام بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی خراپ و مەترسیی جیدی لەسەر کولتووری دیموکراسی و ئارامیی تورکیا دروست دەکات."
سەرۆکی مەهەپە داوای کرد کە ململانێکانی ناوخۆی جەهەپە لە چوارچێوەی یاسا و بنەما دیموکراسییەکاندا بمێننەوە و دوورنەکەونەوە. هاوکات ڕەخنەی توندی لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پێشووی جەهەپە گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی قەیرانەکانی ناوخۆی حزبەکەی قووڵتر کردووەتەوە، و هەڵسوکەوت و هەوڵەکانیشی وەک "هەرزەکارانە" پێناسە کرد.