زیاتر لە ساڵ و نیوێکە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بووەتە جێی باسوخواس. گومانی تێدا نییە سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە، بەواتای یاساییکردنی مافە نەتەوەیی، زمانەوانی و کولتوورییەکانی کورد دێت لەو وڵاتەدا، لەگەڵ بەدیهێنانی هاوبەشیی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا. ئامانجی سەرەکییش پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، دابینکردنی ئاسایش و کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن.
پڕۆسەی ئاشتیی کورد و تورک بەرەو کوێ؟
بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە، پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کرداری بنێت و نیازپاکی کێشەی کورد بە هەند وەربگرێت. دەبێت هەوڵەکانی ئیمراڵی، عەبدوڵا ئۆجالان و قەندیل لە ڕێگەی (دەم پارتی) و پەرلەمانتارانی کوردەوە، لە پەرلەمانی تورکیا بکرێنە یاسا و تەنیا لە چوارچێوەی لێدوانە میدیایییەکاندا نەمێننەوە.
بەرپرسانی تورکیا لەبارەی پڕۆسەکەوە چی دەڵێن؟
لەسەر ئاستی باڵا، بەرپرسانی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن پڕۆسەی چارەسەری، پڕۆژەیەکە بۆ 'برایەتی' و بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەزانن بۆ چەسپاندنی ئارامی. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بگەنە ئەنجام، کلیلەکە ئەوەیە 'بەرگێکی یاسایی' بە بەر پڕۆسەکەدا بکرێت. چونکە تەنیا چوارچێوەی یاسایی دەتوانێت هەنگاوەکان بکاتە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئاشتیی ڕاستەقینە، کە تێیدا کورد، تورک و تەواوی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوون بژین.
تێڕوانینی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پڕۆسەکە چییە؟
عەبدوڵا ئۆجالان، لە دوایین لێدوانەکانیدا جەختی کردووەتەوە، کە هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی دیموکراسیی ڕاستەقینە بەردەوام دەبێت و پێویستە دەستوبرد لە هەنگاوەکاندا بکرێت. ئۆجالان پێی وایە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا لەبەردەم 'ژانێکی گەورە' و ئەگەری جۆراوجۆردایە. ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان کورد و تورک، پێویستە یاسا بکرێتە بنەما و پێکەوەژیان لە چوارچێوەیەکی یاساییی پتەودا بچەسپێنرێت.
کاریگەریی هەڵوێستەکانی دەوڵەت دژ بە جەهەپە
لە وڵاتێکدا، کە بە ڕۆژی ڕووناک پەلاماری پارتێکی سیاسیی گەورەی وەک جەهەپە بدرێت و سەرکردایەتییەکەی بە بڕیاری سیاسی لەژێر پەردەی یاسادا دوور بخرێنەوە، دیموکراسی تووشی قەیرانێکی قووڵ دەبێت. ئەم جۆرە مامەڵەیەی تورکیا کە وەک 'دەوڵەتی پۆلیسی' وەسف دەکرێت، بنەماکانی دەوڵەتی مەدەنی، دامەزراوەکان و پەرلەمان دەخاتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە و ئاستەنگ لەبەردەم پڕۆسەی دیموکراسیدا دروست دەکات.