سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی گواستووەتەوە بۆ نزیک گوندەکانی (ئەسکۆڵ و سیاناو) لە سنوری مەریوان، کە سەرجەم ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بە خێمە و چادر داپۆشراون بە مەبەستی شاردنەوەی جۆری چەکەکان.
هاوکات لەگەڵ ئەم جووڵە سەربازییانە، هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی عێراقی گەیشتوونەتە ناو شاری مەریوان، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هێزانە لە چەند مزگەوتێکی شارەکە و یاریگایی مەریوان نیشتەجێ کراون، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامادەیی و جمووجوڵیان لە ناو شارەکەدا بە کەمی دەبینرێت.
لەلایەکی دیکەوە، گۆڕانکاری لە پێگەی هێزەکانی سەر سنوور دروست بووە، هێزەکانی سوپای پاسداران و چەکدارە خۆجێییە بەکرێگیراوەکان (جاشەکان) بە دووری پێنج کیلۆمەتر لە هێڵی سنوورییەوە کێشاونەتەوە، بەڵام سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە لەو مەودایەشەوە بەردەوامن لە چاودێریکردنی وردی ناوچە سنورییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری ئەم جموجووڵە سەربازییە و هێنانی هێزەکانی حەشد بۆ مەریوان بڵاو نەکردووەتەوە.