ڕاستەوخۆ

دەم پارتی: ڕێككەوتن هەیە بۆ ئه‌وه‌ی یاسای چوارچێوە لە مانگی تەممووزدا دەربچێت

reset font size increase font size

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) زانیاریی نوێیان لەسەر کۆبوونەوەی دوێنێ شەوی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئاکپارتی ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند، ڕێککەوتن هەیە بۆ ئەوەی "یاسای چوارچێوە" لە تەممووزدا لە پەرلەمانی تورکیا دەربچێت.

شاندی ئیمراڵی، کە پێکهاتبوون لە پەرلەمانتاران پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، دوێنێ چوارشەممە لەگەڵ ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە.

تەوەری سەرەکیی دیدارەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد، کە لە ئێستادا بابەتی گەرمی ڕۆژەڤی باکووری کوردستان و تورکیایە.

دوای کۆبوونەوەکە، هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە دەرچوونی یاساکە دواخراوە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو. بەڵام سەرچاوەکانی دەم پارتی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی وڵات، ئەو دەنگۆیانەیان بە توندی ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند: "ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی تەواو هەیە بۆ ئەوەی یاساکە پێش پشووی پەرلەمان و هەر لەم مانگی تەممووزەدا دەربچێت، دەنگۆی دواخستنی بۆ مانگی تشرینی یەکەم دوورە لە ڕاستییەوە".

ئێستا گفتوگۆی ناوخۆیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ناوەڕۆکی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە بەردەوامە. بڕیارە ڕەشنووسەکە پێش ئەوەی پەرلەمانی تورکیا بچێتە پشووی هاوینەوە، ئاراستەی سەرجەم پارتە سیاسییەکان بکرێت و دواتر ببرێتە هۆڵی گشتیی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری.

هاوکات لە دوای ئەم کۆبوونەوە گرنگەی نێوان شاندی ئیمراڵی و شاندی ئاکپارتی، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندی ئیمراڵی سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵ ئۆجالان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.