ئاگری جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر تەشەنە دەسێنێت و هەردوولا بە توندی پێگە و بنکە سەربازییەکانی یەکتر بۆردومان دەکەن، پەرەسەندنێک کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو نادیار و نائارامییەکی قووڵتر بردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە چەندین ئامانجی سەربازیی هەستیار بۆردومان بکەن، لەوانەش، سیستمەکانی چاودێری و ڕادار، کۆگاکانی هەڵگرتنی موشەک و درۆن و کۆگا گەورەکانی چەک و تەقەمەنی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئێران.
سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکای ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، لە کاردانەوەی بۆردومانەکانی شەوی ڕابردوودا، بە هێرشی موشەکیی چڕ بنکە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکای لە سێ دەوڵەتی ناوچەکە کردووەتە ئامانج کە پێکهاتوون لە کوێت، بەحرەین و ئوردن.
هاوکات سوپای پاسداران ڕایگەیاند، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان سەرکەوتوو بوون لە دەستنیشانکردن و خستنەخوارەوەی درۆنێکی پێشکەوتووی سیخوڕیی سوپای ئەمریکا لە کاتی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیاندا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ ئاماژەی بە هەنگاوێکی دیپلۆماسیی تاران دا و نووسیویەتی: "ئێران نیازپاکی نیشانداوە و ئەو ژنە هاووڵاتییە ئەمریکییەی ئازاد کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ـەوە لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دەستبەسەر کرابوو".