ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ پێشنیازی "یاسای چوارچێوە" لە قۆناغی کۆتاییدان و بە ڕەزامەندی و هاوسەنگییەکی هاوبەشی نێوان پارتە سیاسییەکان ئامادە کراوە؛
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم یاسایە دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ چارەسەرکردنی پرسە یاساییەکان لە تورکیا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئایشەگول دۆغان گوتی، ياساكە بە بەشداری و پێشنیازی پارتە سیاسییەکان و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی گەورەی سیاسی پلانی بۆ دانراوە تاوەکو پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
گوتەبێژی دەم پارتی ڕوونیشیکردەوە، دوای دیاریکردنی خشتەی کاتی، نوهمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و پارتە سیاسییەکانیش هەڵوێستی فەرمیی خۆیان ئاشکرا دەکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە ڕۆژی دووشەممەوە دەست بە سەردانیکردنی پارتە سیاسییەکان دەکەن تاوەکو ڕاوێژ لەسەر ئەم قۆناغە نوێیە بکەن.