ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی توند لەبارەی تێکچوونی باری ئاسایش و دەریاوانی لە ڕێڕەوی نێودەوڵەتیی گەرووی هورمز دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی گەمارۆی دەریاوانی، ئاڵۆزییە سەربازییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سوپای ئەمریکا و ئێران، ڕەوشەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوەکە، ئێستا زیاتر لە 500 کەشتیی گەورەی بازرگانی لەو ناوچەیەدا پەکیان کەوتووە و ناتوانن جووڵە بکەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەر پشتی ئەو کەشتییە بازرگانییانە، زیاتر لە شەش هەزار کەس لە تیمی کەشتیوانی و کارمەندان گیریان خواردووە و دروستبوونی ئەم دۆخە نەخوازراوە ژیانی خستوونەتە مەترسییەوە، بۆیە پێویستیان بە بەدەنگەوەهاتن، هاوکاری و ڕزگارکردنی بەپەلە هەیە بەرپێش ئەوەی کارەساتی مرۆیی لێ بکەوێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی و ناڕەزایەتیی توندی خۆی بەرامبەر سەپاندنی باج و وەرگرتنی پارە لە کەشتییە نێودەوڵەتییەکان دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە ڕێکارانە بە تەواوی پێچەوانەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئازادیی دەریاوانین.
لەکۆتاییدا، ڕێکخراوەکە هۆشداریی دا لەوەی پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی لەم ڕێڕەوە ستراتیژییەدا ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردنی کەلوپەل و بەرزبوونەوەی نرخەکان، ئەمەش زیانی زۆر گەورە و ڕاستەوخۆ بە سیستمی دارایی و ئابووریی سەرانسەری جیهان دەگەیەنێت.