زیاتر لە 18 ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ژنە کوردێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ئیلهام عەلیزادە
لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێرانەوە تێدەپەڕێت، و تاوەکو ئێستاش بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێن و دۆخی تەندروستییەوە پێ نەگەیشتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی زاگرۆس ٢٤، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ئیلهامیان لە ماڵی داییکیدا دەستبەسەر کردووە و هەمان ڕۆژ بۆ لێکۆڵینەوە گواستوویانەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بۆ ناوەندە قەزایی و ئیتلاعاتییەکانی مەهاباد و ورمێ، بەرپرسانی ئێران هیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە و تەنانەت بنەماڵەکەی سێ ڕۆژ و سێ شەو لە بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ چاوەڕێیان کردووە، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکیان پێ بدرێت.
تاوەکو ئێستا هیچ تۆمەتێک لە دژی ئەم ژنە کوردە ڕانەگەیەندراوە و نازانرێت ئایا مەرجەکانی مافی دەستبەسەرکراوان، لەوانەش مافی پارێزەر و پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە، بۆ دابین کراوە یان نا.