ئەمڕۆ شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، بە بۆنەی 13ـهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی هێزەکەیان و ساڵیادی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجالان، دامەزرێنەری پەکەکە، لە گردی مشتەنور لە کۆبانێ چەندین چالاکییان ئەنجامدا.
شەڕڤانان بە بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجالان و گوتنەوەی دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ڕێبەر" و "بژی بەرخۆدانی ژنان"، بەرەو گردی مشتەنور بەڕێ کەوتن.
لەگەڵ گەیشتنیان، وەک هێمایەک بۆ ژیانەوە و نوێبوونەوە دەستیانکرد بە نەمام چاندن.
دڵبرین کۆبانێ، یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە، لە گوتارێکدا پیرۆزبایی چواری نیسانی لە سەرجەم شەڕڤانان، بنەماڵەی شەهیدان و گەلی کورد کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕۆژە دوو بۆنەی گرنگ لە خۆ دەگرێت، دامەزراندنی یەپەژە و لەدایکبوونی ئۆجالان، هەردووکیان خاڵی وەرچەرخانی مێژوویین و بوونەتە چرایەک بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگەی مرۆڤایەتی.
لە چواری نیسانی 2013 یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، وەک هێزێکی سەربەخۆی ژنان لە ڕۆژڤای کوردستان دامەزرا، پاشان ڕۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی لە شەڕی کۆبانێ و شارەکانی دیکەی ڕۆژڤای کوردستان بینی.


