تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مین لە پارێزگای دهۆک، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی ناوچە مەترسیدارەکاندا، توانییان 26 مین و پارچە تەقەمەنی لە گوندێکی سنوری شارۆچکەی ئامێدی بدۆزنەوە و لەناویانببەن.
ڕێگر بێسفکی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی اموراتی مین لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، تیمەکانی ژناڤبرنی مین و تەقەمەنی (EOD) بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی دڵنیایی جۆری لە گوندی باڵندەی سەر بە شارەدێی شێلادزێ لە شارۆچکەی ئامێدی بەردەوامن لە کارەکانی پاککردنەوەی زەوییە مینڕێژکراوەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووبەری گشتیی ئەو زەوییەی کاری تێدا دەکرێت 100 هەزار و 95 مەتر دووجایە، تاوەکو ئێستاش 15هەزار و 647 مەتر دووجای لە سەدا 15ی ڕووبەرەکەی پاککراوەتەوە.
لە چوارچێوەی پرۆسەی پاککردنەوەکەدا، تاوەکو ئێستا 26 پارچە مین و تەقەمەنی دۆزراونەتەوە و لەناو بردراون، کە بریتین لە: 5 مینی جۆری V69، 16 مینی جۆری Ts50، 2 مینی جۆری VS50، 1 مینی جۆری Vr40، 1 مینی جۆری POM، هەروەها پارچەیەک تەقەمەنیی تەقینەوەنەکراو (UXO).