هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر ڕایگەیاند کە هێزەکانیان دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد، تیرۆریستێکی داواکراوی داعشیان لە سنووری شاری سلێمانی دەستگیر کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر، پاش بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری، هێزەکانیان توانییان تیرۆریستێکی داواکراوی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستگیر بکەن.
تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە ئەندامی چالاکی ڕێکخراوەکە بووە لە چوارچێوەی ئەوەی بە (فرقة 210) ناسرابوو. هەروەها ناوبراو لە خێزانێکی دیاری ناو ڕێکخراوەکەیە، بەجۆرێک باوکی فەرماندەی مەفرەزەی سەربازی بووە لە (ویلایەتی باکووری بەغدا) و دواتر کراوەتە (والی فەلوجە)، تاوەکو لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە شارۆچکەی ئەبو غرێب کوژراوە. هەروەها برایەکی تری دەستگیرکراوەکەش لە ناوچەی نباعی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.
تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە پاش ڕووخانی داعش ڕووی لە شاری سلێمانی کردووە و خۆی حەشارداوە، لە هەمان کاتدا وەک ئەندامێکی چالاکی ڕێکخراوەکە لە سنووری سلێمانی بەردەوام بووە لە چالاکییەکانی، تا ئەو کاتەی لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆرەوە شوێنپێی هەڵگیرا و دەستگیرکرا.