نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج، و جەختی کردەوە کە ئەو هێرشانە بە تەواوی ڕەتکراوە و پەرەسەندنی مەترسیدارن.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدراڵ کرد کە بەرپرسیاریەتی و پابەندیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و هەمووان دەبێ کار بۆ ئارامکردنەوە و نەهێشتنی گرژییەکان بکەن.