ڕاستەوخۆ

جەلالی ساماغا سەرمایەی پڕۆژەیەکی بەبڕی 115 ملیۆن دینار دایە نەخۆشخانەی هیوا

reset font size increase font size

سەرمایەدار و خێرخوازی ناسراوی شاری سلێمانی، جەلالی عومەری ساماغا، پڕۆژەیەکی خێرخوازیی هەمیشەیی بە سەرمایەی زیاتر لە 115 ملیۆن دینار بەخشییە نەخۆشخانەی هیوا بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.

ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات، کە بەرپرسانی دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی پڕۆژەیەکی پێشووتری خەڵاتی فەرمانبەرانیان بەبێ پاساو بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕاگرتبوو.

پڕۆژەکە لە ساڵی 2010دا بە سەرمایەی 70 ملیۆن دینار وەک خەڵاتێکی ساڵانە بۆ فەرمانبەرانی لێهاتوو لە دیوانی چاودێریی دارایی دامەزرابوو، بەڵام بەهۆی ڕاگرتنی مەراسیمەکان، جەلالی ساماغا دوای ڕاوێژی یاسایی بڕیاری دا سەرمایەی پڕۆژەکە، کە لەگەڵ سوودەکەیدا گەیشتووەتە 115 ملیۆن و 350 هەزار و 2000 دینار، بگوێزێتەوە بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی هیوا.

بە گوێرەی نووسراوی فەرمیی فەرمانگەی وردبینیی پارێزگای سلێمانی، سەرمایەی پڕۆژەکە لە بانکی ئاشتییەوە گوازراوەتەوە بۆ هەژماری نەخۆشخانەکە. سەرمایە بنەڕەتییەکە بە هەمیشەیی لە بانکدا دەمێنێتەوە و دەستکاری ناکرێت، بەڵکو ساڵانە 90٪ی سوودە داراییەکەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتی نەخۆشخانەی هیواوە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی تووشبووانی شێرپەنجە ڕادەکێشرێت، و 10٪ی سوودەکەش دەچێتەوە سەر سەرمایە بنەڕەتییەکە تاوەکو ساڵانە گەشە بکات.

لیژنەی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە سەرجەم بەڵگەنامە یاساییەکانی بڵاوکردووەتەوە و هیوای خواستووە ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەر بۆ سەرمایەدارانی دیکە لە پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستیدا.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.