وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هاوکاریی دارایی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ مانگی حوزەیرانی 6ی ساڵی 2026 خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026 دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەمەبەستی دابەشکردنی ئەم هاوکارییە گرتووەتە بەر. ئەم پشتیوانییە داراییە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکرێت و بەپێی زانیارییەکان، ناردنی ئەم هاوکارییانە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکەن، لە هاوکاریی مانگی تشرینی دووەمی 11ی ساڵی 2025 بەدواوە، زیاتر لە 97٪ی ئەفسەر و پێشمەرگەکان هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانانیان لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری منەوە وەرگرتووە.