بانکی وەبەرهێنانی گۆڵدمان ساکس پێشبینی کرد لە چارەکی کۆتایی ئەم ساڵدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 120 دۆلار تێپەڕێنێت و تێکڕای نرخەکەی لە ساڵی داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ 100 دۆلار، ئەمەش لە حاڵەتی بەردەوامیی نە ناردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمز و سستبوونی چاکبوونەوەی بەرهمهێنانی وڵاتانی کەنداو تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەممووزی 2026، نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی کەمیان بەخۆوە بینی، بەهۆی وەستاوەیی بازاڕەکان لە نێوان هەواڵەکانی پەیوەست بە هەوڵەکانی ناوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە لایەک و ئاڵوگۆڕی هێرشی نوێی هەردوولا و هەڕەشەی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سعودیەدا لە لایەکی دیکەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 0.3٪ دابەزین و گەیشتە 88.83 دۆلار، لە کاتێکدا نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکی بۆ ڕادەستکردنی مانگی ئەیلوول لەسەر 82.49 دۆلار ڕاوەستا.
بانککە ئاماژەی بەوە کردووە، پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەزینی هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداو بۆ خوار 45٪ی ئاستی پێش جەنگ، مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان دروست دەکەن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی خەمڵاندنەکانی پێشووی گۆڵدمان ساکس بۆ نرخی نەوت لە چارەکی کۆتایی ئەم ساڵ و ساڵی 2027دا.