دوران کاڵکان ئەندامی ئهكادیمیای زانسته کۆمەڵایەتییەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "مەدیا هابەر" ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی تووشی چەقبەستوویی بووەتەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ نەبوونی زەمینەیەکی گونجاو لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا دەگەڕێنێتەوە.
دوران کاڵکان ڕوونیکردەوە، بڕیارەکانی پەیوەست بە هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی ڕێکخستنی پەکەکە و وەستاندنی خەباتی چەکداری بەپێی بڕیارەکانی کۆنگرە جێبەجێ کراون، بەڵام چەکدانانی یەکجاری تەنیا لە لە دەسەڵات و بڕیاری ڕاستەوخۆی عەبدوڵا ئۆجالاندایە.
ئەندامی ئهكادیمیای زانسته کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ژینگەی ئازاد بۆ ژیان و تێکۆشانی سیاسیی ئۆجالان فەراهەم نەکرێت، هیچ گەریلایەک شوێنەکانی خۆی بەجێناهێڵێت و دڵنیایی بەشداریی سیاسی لە ڕێگەی یاساوە نەدرێت، پرۆسەکە ناچێتە قۆناغی کۆتاییەوە.
دوران کاڵکان ئامانجی ئایندەی بزووتنەوەکەیانی بە گۆڕانکاری بەرەو تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی دەستنیشان کرد، بەو مەرجەی دەوڵەت هەنگاوی کرداری بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی بەرامبەر هێزە کوردستانییەکان بگرێتە بەر.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، دوران کاڵکان تیشکی خستە سەر 15یەمین ساڵیادی شۆڕشی 19ی تەممووزی ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگە سەربازی و سیاسییەکان، مۆدێلی ڕۆژئاوا توانیویەتی بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان بپێشخات.
ئەندامەکەی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان جەختی کردەوە، دەستکەوتە سەرەکییەکانی ئەو ئەزموونە لەسەر بەهێزکردنی بنەمای ئازادیی ژنان و سیستەمی کۆمۆناڵ ڕاوەستاون و پێویستە ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەکان وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەلگەی دیموکراتی بەکاربێن.