ڕاستەوخۆ

داواى ڕاگرتنى هێرشەکانى ئێران بۆسەر بارەگاى هێزە سیاسیەکانى ڕۆژهەڵات دەکرێت

reset font size increase font size

 هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، ئێران، دەیان جار سەروەریی سیاسی و نیشتمانیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی بەردەمیان کاریگەریی خۆیان، فشارەکان بۆ سەر ئێران زیاد بکەن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن: هێرشەکانى ئێران بۆ سەر پەنابەران و حزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین.

دەشڵێن: لە ماوەی ٢١ ڕۆژی ڕابردوودا، ئێران دەیان جار سەروەریی سیاسی و نیشتمانیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و بەردەوام لە ڕێگاى مووشەک و درۆن، کەمپی پەنابەران و بنکەکانی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

 باسلەوەشکراوە: ئەم سنووربەزاندنانە لە کاتێکدا دەکرێن کە حزبە سیاسییە کوردەکانی ئێران ساڵانێکە چالاکییەکانی خۆیان لەسەر خەباتی سیاسی چڕ کردووەتەوە و هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکە نەبوون و نین. بۆیە ئەم هێرشانە، تەنیا بیانوویەکن بۆ دووبارەکردنەوەی سووڕی توندوتیژی و درووستکردنی ترس و تۆقاندن.

ئەوەشخراوەتەڕوو: ئەم هێرشانە ژیانی سەدان کەسی سڤیل لەوانە ژمارەیەکی زۆر منداڵی ڕووبەڕووی مەترسییەکی جدی کردووەتەوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونەوەی دووبارەی خێزانە مەدەنییەکان لە بارودۆخێکی سەختی مرۆییدا.

ئەوەش هاتووە: ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی بەردەمیان، فشارەکان بۆ سەر ئێران زیاد بکەن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە.

ئاماژەیانبەوەشکردووە: بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی مەدەنى لە بەرامبەر هێرشە درۆنییەکاندا، داواکارین ناوچەکانی نیشتەجێبوونی پەنابەران بە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی دابین بکرێن، چونکە بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانانە، هەڵکردنى گڵۆپی سەوزە بۆ بەردەوامیی هێرشەکان.

لە کۆتایدا هاتووە: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارییەتی خۆی هەڵبگرێت. ئاسایشى گیانی پەنابەران و چالاکانی سیاسی گەرەنتی بکات و بە توندى لە بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەرییەکەی لەلایەن ئێرانەوە بوەستێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.