دوای دوو ڕۆژ لە دواکەوتنی بەهۆی سەرەتای ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە، دواجار پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆ و بنکەکانی پارێزگای هەڵەبجە بە فەرمی دەستیپێکرد. لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی پرۆسەکەشدا، بڕی 750 تۆن گەنم لە جوتیارانی سنوورەکە وەرگیراوە و ڕادەستی سایلۆ کراوە.
ئاسۆ مەجید، بەڕێوەبەری بنکەی وەرگرتنی گەنمی پارێزگای هەڵەبجە لەبارەی پلان و پشکی پارێزگاکە ڕایگەیاند، بۆ وەرزی دروێنەی ئەمساڵ بڕیارە بە گشتی 11 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری وەربگیرێت و پرۆسەکەش تاوەکو وەرگرتنی تەواوی پشکەکە بەردەوام دەبێت.
لای خۆشیانەوە جوتیارانی ناوچەکە نیگەرانیی خۆیان لە کەمکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی بەرهەمەکانیان دەردەبڕن؛
ئیبراهیم ساڵح، وەک یەکێک لە جوتیارانی دەشتی شارەزوور ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ بەهۆی گونجاوی کەشوهەواوە بڕێکی زۆر و پێوانەیی گەنمیان بەرهەمهێناوە، بەڵام ئەو ڕێژە و دیاریکردنی کوتەیەی (پشک) کە بۆ وەرگرتنی گەنمەکەیان لەلایەن حکومەتەوە دانراوە زۆر کەمە و وەڵامی ماندووبوون و تەواوی بەرهەمی زەوییەکانیان ناداتەوە.