کۆمیسیۆنی یاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پشتگیریکردن لە قوربانیانی ئەشکەنجە، ڕاگەیەنراوێکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات کۆتایی بە سیاسەتی بێسزاکردنی ئەو فەرمانبەرانە بهێنرێت کە تێوەگلاون لە کەیسەکانی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لە تورکیا و باکووری کوردستان.
سێڤدا چەلیک ئۆزبینگۆل و ئۆزتورک تورکدۆغان، گوتەبێژانی کۆمیسیۆنی یاسایی دەم پارتی لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە تورکیا لایەنێکی واژۆکەری پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ناکات.
جەختیش دەکەنەوە کە پێشێلکاری و مامەڵەی خراپ بە شێوەیەکی بەربڵاو لە گرتووخانەکان، بنکەکانی دەستبەسەرکردن و لەسەر سنوورەکان ئەنجام دەدرێت و پێویستە بەرپرسانی ئەم کارانە ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.
گوتەبێژانی کۆمیسیۆنی یاسایی دەم پارتی داوا دەکەن ئەو فەرمانبەرە گشتییانەی کە تۆمەتی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپیان لەسەرە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەستبەجێ لە سەر کارەکانیان دووربخرێنەوە و دادگایی بکرێن.
هاوکات ڕەخنەی توند لە دامەزراوەی مافی مرۆڤ و یەکسانیی تورکیا دەگرن کە ئەرکەکانی خۆی پشتگوێ خستووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەن، بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەو، پێکهاتەیەکی مەدەنی دابمەزرێت کە لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە بە تەواوی سەربەخۆ بێت.