فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆتاییهاتنی دوا قۆناغی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناو خاکی ئێران ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، هێرشەکان بنکەکانی فەرماندەییی سەربازی، توانا دەریاییەکان، شوێنی هەڵدانی مووشەک و درۆنەکان و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان بە ئامانج گرتووە، بە مەبەستی لاوازکردنی تواناکانی ئێران لە ڕێگریکردن لە کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمز.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، هێزەکانی ئەمریکا هاوکاربوون لە ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی نزیکەی 900 کەشتیی بازرگانی و 450 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، جەختیشی کردووەتەوە، کە هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ لێپرسینەوە لە ئێران بەرامبەر پەلامارەکانی بۆ سەر کەشتیوانیی مەدەنی.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە تاوەکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئاڵۆزییەکان و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان هوشیار بن.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توندی داوەتەوە ئێران، کە بەرامبەر کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکی باجێکی چەندین هێندە دەدەن. ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن ژمارەی کوژراوانی سوپای ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەکەوە گەیشتە 17 سەرباز.
ترەمپ جەختی کردووەتەوە، فەرمانی پێویستی داوەتە پیت هێگسەس وەزیری جەنگ و دانیێل کەین سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالار، هەروەها هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری توندتر و فراوانکردنی ئامانجەکانی بۆ سەر وێستگەکانی ئۆتۆمبێل، گەمارۆدانی دوورگەی خارگ و بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکان کردووە.