دادگایەکی پاریس، کۆمپانیای چیمەنتۆی لاڤارجی فەرەنسی و بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیاکە و حەوت بەرپرسی دیکەی بە تۆمەتی دابینکردنی پارە بۆ گروپە چەکدارە توندڕەوەکان و لەنێویاندا داعش لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریادا، بە تاوانبار ناساند.
دادگاکە لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیای لاڤارج لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2014 بڕی نزیکەی (6.5 ملیۆن دۆلار)ـى بە گروپە چەکدارەکانی سوریا داوە، ئەمەش بە مەبەستی بەردەوامبوونی کارەکانی کارگەی چیمەنتۆی جەلەبیە لە باکووری سوریا.
بەگوێرەی بڕیارەکە، کۆمپانیاکە راستەوخۆ بڕی 972 هەزار دۆلاری داوەتە گروپە تیرۆریستییەکان، کە زیاتر لە 584 هەزار دۆلاری تەنیا بۆ داعش بووە.
دادگاکە دەڵێت، ئەم پارانە لە ڕێگەی لقی سوریای کۆمپانیاکەوە دراون بۆ دەستەبەرکردنی ڕێگاکانی گواستنەوە و دڵنیابوون لە جووڵەی کارمەندان و کەلوپەلەکان، سەرەڕای مەترسییە ئەمنییەکان.
داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمپانیاکە بەرژەوەندی ئابووری خستووەتە پێش سەلامەتییەوە.
لە ئەنجامی ئەم بڕیارەدا، برۆنۆ لافۆنت، بەڕێوەبەری پێشووی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، سزای شەش ساڵ زیندانی و پێبژاردنی 225 هەزار یۆرۆی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای کۆمپانیاکە سزای زیندانییان لە نێوان 18 مانگ بۆ پێنج ساڵ بەسەردا سەپێندراوە.
جگە لەوانە، فراس تلاس، بازرگانی سوری کە وەک نێوەندگیر کاری کردووە، بە غیابی سزای حەوت ساڵ زیندانی و قەدەغەی چوونە ناو خاکی فەرەنسا بۆ بڕایەوە.
جێی باسە، تیمی پارێزەرانی لافارج، باس لەوە دەکەن کۆمپانیاکە کەوتووەتە ژێر فشار و "سەپاندنی سەرانە" و بۆ پاراستنی کارمەندەکانیان ناچار بوون ئەو پارانە بدەن، بەڵام دادگا ئەو پاساوانەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بەڵگەنامە ناوخۆییەکان دەریدەخەن پارەدانەکان بە شێوەیەکی رێکخراو و بە ئاگاداری بەرپرسانی باڵا بووە.
