ڕاستەوخۆ

بە تێچووی 136 ملیار دینار؛ پڕۆژەی ئاوی بالیندا-بارزان چووە بواری جێبەجێکردنەوە

reset font size increase font size

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوی خواردنەوەی بۆ 53 گوندی دەڤەری بارزان کردەوە، کە زیاتر لە 35 هەزار دانیشتووی قەزاکانی مێرگەسۆر، ئاکرێ و خەلیفان سوودمەند دەبیت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژەیە بە تێچووی 136.5 ملیار دیناری عێراقی جێبەجێکراوە و ئاوی خاوێن و پاڵێوراو بۆ دەیان کۆمەڵگەی گوندنشین دابین دەکات، کە پێشتر لە ڕووی ئاوەوە پشتیان بە سەرچاوەی سنووردار یان وەرزی دەبەست.

پڕۆژەکە سەرچاوەی ئاوەکەی لە ڕووباری "ڕووی شین"ەوە وەردەگرێت و وێستگەی پاڵاوتن و فلتەرکردنەکەی لە گوندی "بالیندا" لە قەزای مێرگەسۆر دامەزراوە، کە بەپێی بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئاوەکە خاوێن دەکاتەوە.

توانای بەرهەمهێنانی ئەم وێستگەیە دەگاتە 1,200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە لە کاتژمێرێکدا. گواستنەوەی ئەم قەبارە گەورەیەی ئاو لە ناوچەیەکی شاخاویدا، پێویستی بە هەوڵێکی ئەندازیاریی یەکجار زەبەلاف هەبووە؛

 بە جۆرێک تۆڕی ڕاکێشانی ئاوەکە نزیکەی 540 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، کە پێکهاتووە لە 220 کیلۆمەتر بۆریی سەرەکیی گواستنەوە و 320 کیلۆمەتر تۆڕی دابەشکردنی ناوخۆیی بۆ گوندەکان.

سیستمەکە هاوکات سێ وێستگەی پاڵنانی ئاو لەخۆدەگرێت کە بە 24 پەمپی بەهێز تەیارکراون بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی ڕۆیشتنی ئاوەکە؛ لەگەڵ بوونی 70 کۆگای عەمبارکردنی ئاو بە قەبارەی جیاواز، کە گەورەترینیان توانای عەمبارکردنی 8,000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.

ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا کێشەی کەمئاوی و تەندروستیی خێزانەکان چارەسەر دەکات، بەڵکو دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزیش بۆ بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کە سەرچاوەی سەرەکیی بژێویی دانیشتووانی ناوچەکەیە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.