نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەو وتار و ناونیشانەی لە ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمزدا سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکەی بڵاو کراوەتەوە، بە دروستی ڕەنگدانەوەی قسە و هەڵوێستی ناوبراو لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق نییە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە: «هەڵوێستی سەرۆکوەزیران ئەوەیە کە بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بێ بوونی هیچ سیستەمێکی گونجاوی بەرگریی ئاسمانی، ناوچەکە بەرامبەر بە مەترسییەکان لاواز و دەستدرێژیکردن دەكاتە ئامانج؛ بە جۆرێک کە لە ٢٨ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی، مووشەکی و ڕۆکێتی لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارەکانەوە بووەتەوە.»
جەختیشی کرایەوە کە ناونیشان و شیکارییەکانی ئەو وتارەی ڕۆژنامەکە، بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە ناوەڕۆک و دەقی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو چاوپێکەوتنەدا ناکەن.