وەزارەتی دارایی عێراق کۆتاییهاتنی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ڕاگەیاند و پڕۆژەکەی بە مەبەستی تاوتوێکردن و بەرزکردنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری کرد.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە داڕشتنی پڕۆژەکە لەلایەن کۆمیتەی باڵای بودجەوە بە سەرپەرشتیی فالح ساری، وەزیری دارایی، و بە بەشداریی کارای نوێنەرانی وەزارەتەکان، هەرێمی کوردستان، پارێزگاکان و شارەزایانی دارایی ئەنجام دراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، دیارترین دەستکەوت لەم بودجەیەدا بریتییە لە جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی سیستەمی «بودجەی بەرنامە و ئەنجامدان» لە کەرتی کارەبا و پارێزگاکانی دیوانییە و سەلاحەدین، بە مەبەستی بەستنەوەی تەرخانکراوەکان بە ئامانجەکان و پێوانی کاریگەریی خەرجییەکان، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەسەر تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا گشتگیر بکرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت لەسەر زیادکردنی داهاتە ناوخۆیی و نانەوتییەکان، چەسپاندنی دیسپلینی دارایی و ڕەچاوکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان کراوەتەوە بەپێی ئیمکانیاتە بەردەستەکان، و بڕیارە دوای تاوتوێکردنیشی لەلایەن ئەنجومەنی وەزاریی ئابوورییەوە، پڕۆژەی بودجەکە بۆ پەسەندکردن ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.