بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری کەمێک تاوەباران لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق و بۆ سبەی سێشەممەش پێشبینی ناجێگیریی کەشوهەوا و باران بارین دەکرێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی سێشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و نمەباران بەشێوەیەکی پچڕپچڕ و مامناوەند لەگەڵ هەورەبروسکە دەبارێت، بە جۆرێک سەرەتا کاریگەرییەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێ دەکات و پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر
هاوکات لە شەو کاریگەرییەکە کەم دەبێتەوە و لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی بە لاوازی دەمێنێتەوە، پلەکانی گەرماش 1 تا 2 پلە نزم دەبنەوە.
کەشناسیی عێراقیش پێشبینیی بەردەوامیی بارانبارینی کردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانبارینەکە هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت.