لە باکووری کوردستان یەکێتیی ژنانی کورد لە ڕێگەی چالاکییەکەوە سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانیان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی بارەگای هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
دیلان کەسکین، بەڕێوەبەری یەکێتیی ژنانی کورد لە میانەی چالاکییەکەدا ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتی لەسێدارەدان و دروستکردنی کەشوهەوای ترس، هەوڵێکی چڕ دەدات بۆ سەرکوتکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی یەکێتییەکە ڕایگەیاند، لە کاتێکدا هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوبەندی ئێران و ناوچەکە چڕ بوونەتەوە، تاران گوشارە ناوخۆییەکانی و بەئامانجگرتنی هێز و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی زیاتر کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کرایەوە، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بووەتە جێگەی ئومێدی جەماوەری کورد لە سەرانسەری کوردستاندا.