زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی شاری سەقز وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سەپاندنی سزای زیندانیکردن، زیاتر لە سێ مانگە دەستی بە مانگرتنی تا مردن کردووە و ڕاپۆرتەکانیش ئاماژە بە تێکچوونی دۆخی تەندروستیی دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، بەهزاد ڕەسووڵی تەمەن 43 ساڵ، کە سزای 8 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە، بەهۆی بەردەوامیی مانگرتنەکەیەوە تووشی لەهۆشچوون بووە و ڕێژەی شەکر و پەستانی خوێنی بۆ ئاستێکی مەترسیدار دابەزیوە، هاوکات کێشی جەستەی بۆ خوار 49 کیلۆگرام کەمی کردووە. سەرەڕای خراپبوونی تەندروستی، ناوبراو سووربوونی خۆی لەسەر بەردەوامبوونی مانگرتنەکەی دەربڕیوە.
بەهزاد ڕەسووڵی، ساڵی ڕابردوو لە کاتی سەردانیکردنی منداڵەکەی لە شاری ئەسفەهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا، پێشتریش لەلایەن دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان سزادرا بوو.