وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای جەنگی 40 ڕۆژەدا، کە لە 28ی شوباتی ئەم ساڵ دەستی پێکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی ڕووخاندنی دەسەڵات لە ئێران و دابەشکردنی ئێرانیان هەبووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕۆژی چوارەمی جەنگدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
عەباس عێراقچی ڕایگەیاند، دوای ئەوە خۆی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، هەروەها هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق قسەی کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە، کە ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک لە سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر ئێران نەدەن.
بە گوێرەی گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و سوودانی دڵنیاییان داوە، کە ڕێگە بە هیچ هێرشێک نادەن، هاوکات تورکیاش ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە لە ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی پلانی دابەشکردنی ئێران لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکاندا.
ئەمە کاتێکدایە، لە کاتی جەنگەکەدا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە ڕەوانەکردنی چەک بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کردبوو، بەڵام حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکاریکردنی ئەمریکایان بۆ چوونە ناو خاکی ئێران ڕەتکردووەتەوە.
سەرباری ئەم دڵنیاییانە، لە 28ی شوباتەوە ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی سەدان هێرشی درۆنی و مووشەکییان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامداوە.