کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان ئێر لە ئێران هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی بۆ تورکیا ڕادەگەیەنێت و هۆکارەکەی بۆ بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیاکە توندتر کراونەتەوە.
کۆمپانیای ماهان ئێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە 21ی ئەیلولەوە سەرجەم گەشتەکانی بۆ تورکیا، بەتایبەتی بۆ شاری ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە، هەڵدەوەشێنێتەوە. کۆمپانیاکە ڕاشیگەیاندووە کە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕێکار و بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا دراوە.
ڕاگرتنی ئەم گەشتانەی ماهان هاوکاتە لەگەڵ چڕترکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەسەر کەرتی فڕۆکەوانی و تۆڕەکانی پشتیوانیی ئەو کۆمپانیایە. شایەنی باسە، کۆمپانیای ماهان لە ساڵی 2011ـەوە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لەژێر سزاکانی ئەمریکادایە.