ڕاستەوخۆ

لوتکەی سلێمانی 2026 دەست بە کارەکانی کرد و سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لە هاریکاریی ئابووری دەکەنەوە

reset font size increase font size

بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لوتکەی سلێمانی 2026 لە هۆتێل گراند میلینیۆم دەست بە کارەکانی کرد و سەرکردەکان جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و پەرەپێدانی ئابووریی بەردەوام کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، لوتکەی سلێمانی کە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژنەوە ڕێکخراوە و پەخشی مێدیایی لەلایەن کۆمپانیای پرۆژەکانی ڕاگەیاندنی کوردساتەوە بۆ کراوە، لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد.

لووتکەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە دروشمی "ئاراستەکردنی سەرمایە بەرەو گەشەسەندنی بەردەوام لە نەشایستەی خانووبەرە و پیشەسازی" بەڕێوەدەچێت و تێیدا کۆمەڵێک پانێڵی ستراتیژی پێشکەش دەکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە چەندین بەرپرسی باڵای حکومی، سەرۆکی دەستەکانی وەبەرهێنان، خاوەنکار و پزیشک و شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێیدا بەشدار بوون، سەرنج خسترەسەر چەندین پرسی گرنگی ئابووری و سیاسی:

وتاری سەرۆک کۆماری عێراق

نزار ئامێدی، سەرۆکی کۆماری عێراق، لە وتارێکدا گرنگیی کۆنفرانسەکەی بۆ یارمەتیدانی بڕیاردەران لەپێناو پێشخستنی ئابووریی عێراق دوپاتکردەوە و جەختی لەسەر پێویستیی هاریکاریی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت کردەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە پێویستە سامانی نیشتمانی بکرێتە پرۆژەی بەرهەمدار و ژینگەیەکی لەبار بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت، هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە ئارامیی سیاسی و ئەمنی بەبێ سەقامگیریی ئابووری بەدەست نایێت.

بانگەوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی دەستوور

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لوتکەکەی بە پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق وەسف کرد و ڕایگەیاند: "کاتی ئەوەیە لە ئابوورییەکی بەکاربەرەوە بگوازینەوە بۆ ئابوورییەکی بەرهەمدار."

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق تەواوکەری یەکترین و ناکۆکییە سیاسییەکان نابێت ڕێگر بن لەبەردەم وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەدا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە دەستوور دەبێت بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان بێت و وتی: "کاتێک داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین، تەنیا شتێک بۆ خۆمان ناوەین، بەڵکو دەمانەوێت عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو هەبێت."

گوتەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە وتارەکەیدا دەستخۆشی لە رێکخستنی لوتکەکە لە شاری سلێمانی کرد و شارەکەی بە ناوەندی هونەر، کەلتور، داهێنان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و ئابووری ناساند.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی ئاستەنگە داراییەکان پێویستی بە هەوڵی هاوبەش و پتەوکردنی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت هەیە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.