عێراق و ئەمریکا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە بەپێی ئەو ناوەندە دیپلۆماسییەی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕادەستی حکومەتی عێراق کرا.
ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە ڕێکارەکانی کۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دێت.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، محەممەد حوسێن بحر العولوم، بریکاری وەزارەتی دەرکاری عێراق بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ستیڤن فەیگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی ناوەندی پشتگیریی دیپلۆماسییان لە فڕۆکەخانەی بەغدا واژۆ کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ یەکبڕکردنی ڕێکارەکانی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بوونی سەربازیی بیانی لە عێراقدا.
لای خۆیانەوە هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دەستپێکردنی "قۆناغێکی نوێ" لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بنیاد نراوە.
ناوەندی پشتگیریی دیپلۆماسی کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە، زیاتر بەشێک بوو لە بنکەی سەربازیی "ڤیکتۆریا" و لە ساڵی ٢٠١١دا و لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا گۆڕدرا بۆ ناوەندێکی پشتگیریی دیپلۆماسی.
بڕیارە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا کە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هێنرابووە عێراق، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە (ئەیلوول) کۆتایی بە کشانەوەی لە سەرجەم خاکی عێراق بهێنێت.