مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ سوپای سوریا، لە یەکەم لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەی یەنی یاشام ئاماژەی بەوە کرد، هەسەدە بە گوێرەی پلانێکی داڕێژراو هەنگاو بە هەنگاو چووەتە ناو چوارچێوەی سوپاوە، وەک بەشێک لە هێزەکانی بەرگریی لە ناوچەکە.
مەزڵوم عەبدی دەشڵێ، ئامادەییان لە دیمەشق بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد و بەدەستهێنانی ڕۆڵێکی ئەرێنی و بەرفراوانترە لە سەرتاسەری سوریا.
لەبارەی مافە کلتورییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکانەوە دەڵێ، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سوریادا زمانی کوردی بە فەرمی لە سیستەمی پەروەردەدا ناسێنراوە، هەرچەندە ئەمە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینن، بەڵام بۆ داواکارییەکانی گەلی کورد بەس نییە.
هەروەها ئاشکرای کرد، کەناڵی گفتوگۆ لە نێوان ئەوان و تورکیادا هەیە و دروستکردنی پەیوەندییەکی ئاسایی و بونیاتنەرانە لەگەڵ ئەنقەرە لە بەرژەوەندیی سەرجەم سوریا و کورددایە.
جەختی لە گرنگیی بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی وەک دروز، عەلەوی و کورد لە دەوڵەتدا کردەوە و داوای کرد، ڕێککەوتن لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانێ بۆ عەفرینیش جێبەجێ بکرێت.