جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی پارێزگای حەسەکە ڕایگەیاند، ئەمرۆ 51 ئەندامی دیکەی هێزەکانی سوریا دیموکرات هەسەدە کە لەلایەن حکومەتی کاتیی سوریاوە دەستبەسەر کرابوون ئازاد دەکرێن.
سیامەند عەفرین ئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی دەستی پێکردووە و لە ماوەی چوار ڕۆژی داهاتوودا هەزار و 35 خێزانی ئاوارە لە چوارچێوەی کاروانی دووهەمدا دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
دەشڵێ، پرۆسەی ئازادکردنی شەڕڤانانی هەسەدە و گەڕانەوەی ئاوارەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی پێشوودا بەڕێوەدەچێت، بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی دەستبەسەرکراوانی نێوان هەردوولا.
تا ئێستا شەش گرووپ لە دیلەکانی هەسەدە ئازاد کراون و بەمەش ژمارەی گشتیی ئازادکراوان، لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ڕۆژاڤا و دیمەشق گەیشتووەتە زیاتر لە 1500 کەس.