عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکەپە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ، ئەویش ئامادەکردنی زەمینەی یاساییە بۆ چەکدانانی پەکەکە.
عومەر چەلیک ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانییەوە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی پەرلەمان و ڕێنماییەکانی سەرۆککۆمار وەک سیاسەتێکی دەوڵەت بەڕێوە دەچێت، هاوکات جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی زمانی دروست، دوورکەوتنەوە لە تووندڕەوی و دروستکردنی کەشێکی سیاسیی گونجاو کردەوە.
ئەم ڕاگەیاندنەی ئاکپارتی لە کاتێکدایە کە ڕەخنەی زۆر ئاراستەی حکومەتی تورکیا دەکرێت بەوەی لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە سستە، بەتایبەتی دەم پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە پێویستە بەر لە دەستپێکردنی کردەییی پرۆسەی چەکدانان، یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، لە بەرامبەردا بەرپرسانی حکومەت بەڵێنیان داوە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەنگاوی جددی و یاسایی لەم بارەیەوە بنێن.