موساڤات دەروێشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی ئی پارتی (İYİ Parti)، هێرشی کردە سەر ئەو پەرلەمانتارانەی، کە واژۆیان لەسەر پێشنیازی یاسای «بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی» کردووە و پرۆسەی چارەسەری و ڕەشنووسی یاسا 12 مادەیییەکەی بە بەڵگەنامەی خیانەت و هەوڵێک بۆ دامەزراندنی کۆماری دووەم وەسف کرد.
موساڤات دەروێشئۆغڵو لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: "ئەوەی لێرەدا پێناسە دەکرێت، کۆماری دووەمە. کاتێک واژۆ لە ژێر ئەم یاسایە دەکەن و بە شانازییەوە وێنە دەگرن، ئێوە واژۆ لەسەر پەیماننامەی لۆزان ناکەن، بەڵکو واژۆ لەسەر پەیماننامەی سیڤەر دەکەن.
ئێمە ئەو بەڵگەنامەی خیانەتە کە ناوی نراوە یاسای چوارچێوە، بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەین".
سەرۆکی ئیی پارتی ئاشکرای کرد: "زانیاریی هەیە لەوەی باڵی ئێرانی پەکەکە پڕچەک دەکرێن و ئەندامانی پەکەکە لە ڕێگەی سلێمانییەوە دەگوازرێنەوە بۆ خاکی ئێران. لە کاتێکدا توانای ڕێکخراوەیی لە ناوچەکەدا لە جووڵەدایە، چۆن دەتوانن بە سەیرکردنی وێنەیەکی ناو تورکیا بڵێن ڕێکخراوەکە هەڵوەشێنراوەتەوە؟".
ئەم ڕەخەنە توندانەی سەرۆکی ئیی پارتی دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ چوارشەممە (5ی ئابی 2026)، پێشنیازی یاسای «چوارچێوە» بە واژۆی 360 پەرلەمانتار بە فەرمی ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا، تاوەکو ڕێکارەکانی بەهێزکردنی ئاشتی و داڕشتنی قۆناغەکانی چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.