ناوەندی میدیای پەرلەمانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و تۆمەتباری دەکات بە شێواندنی دەقی قسەکانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران تاوەکو شکستە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا پەردەپۆش بکات.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی میدیای پەرلەمانی ئێران لە ڕۆژی دووشەممە 24ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ بە ئەنقەست ناوەڕۆکی قسەکانی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی تێکداوە و بە لێکدانەوەی ساختە بڵاوی کردووەتەوە.
پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە، تۆماری ڤیدیۆیی گوتارەکەی قالیباف لە بەردەستدایە و هەڵمەتێکی چەواشەکارانە بەڕێوە دەچێت.
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە هات، ترەمپ پۆستێکی بڵاوکردبۆوە و ئیدعای کردبوو قالیباف گوتوویەتی: "ئێمە برسین و ناتوانین بەردەوام بین". بەڵام پەرلەمانی ئێران ڕوونی کردەوە، کە قالیباف لە بەغدا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بازرگانان گوتبووی: "هەرچەندە هێزی سەربازیمان زۆر بێت، ئەگەر خەڵکەکەمان برسی بن، گەشەی ئابووری و بەرهەمی نیشتمانیمان نەبێ، ناتوانین بەردەوام بین".