ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی دەریایی گەرووی هورمز توندتر دەبنەوە، ئێران بوونی دانوستانی ڕاستەوخۆ ڕەتدەکاتەوە و سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری نوێ دەکات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، تاران هیچ بڕیارێکی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن نەداوە. عێراقچی جەختی کردەوە کە ئەو پەیامانەی لە ڕێگەی وڵاتانی قەتەر و پاکستانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن تەنها پەیامن و بە هیچ جۆرێک لە چوارچێوەی "دانوستان"دا نین.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە بەم زووانە و دوای بەزاندنی ئێران، گەرووی هورمز وەک "خاکی ئەمریکا" ڕادەگەیەنێت.
هاوكات ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە کە لێدوانەکەی ترەمپ تەنها لە چوارچێوەی "گاڵتەکردندا"دا بووە و وەک بڕیارێکی فەرمی یان ستراتیژی تاوتوێ نەکراوە.
لە وەڵامی ئەم لێدوانانەدا، بەرپرسانی ئێران جەختیان کردەوە کە کۆنتڕۆڵکردن و بڕیاردان لەسەر کێشەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز تەنها لە ژێر دەسەڵات و سەروەریی ئێراندایە.