ڕاستەوخۆ

قالیباف: کاتژمێرێک دوای کوژرانی خامنەیی زانیمان و لە کۆبوونەوەیەکی شەش حەوت کەسیدا بڕیارمان دا

reset font size increase font size

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باس لە ساتەکانی سەرەتای دوای کوژرانی رێبەری پێشووی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، ئەگەر داوایان لە خەڵک نەکردبووایە بێنە سەر شەقامەکان، لەوانە بوو ئاراستەیەکی جیاواز لە وڵاتدا دروست بببووایە.

ڕۆژی شەممە 01-08-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکەی، وردەکاریی نوێی سەبارەت به یەکەم ساتەکانی هێرشەکەی 28ـی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران لە تاران خستەڕوو.

ئاگاداربوون لە کوژرانی خامنەیی و دواکەوتنی کۆبوونەوەکان

بە گوتەی قالیباف، کاژمێرێک دوای هێرشەکە لە کوژرانی خامنەیی ئاگادار کرابوونەوە، ''بەڵام لەگەڵ سەرۆکایەتیی دەسەڵاتەکان توانیمان کاژێر 20:00ـی شەو کۆببینەوە.''

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: ''لە کۆبوونەوەی 20:00ـی شەودا شەش یان حەوت کەس بووین، بڕیارمان دا 08ـی بەیانی هەواڵی شەهیدبوونی رێبەر رابگەیێنین، بەڵام دواتر میدیاکانی دژبەر، نزیک کاتژێر 01:00ـی شەو هەواڵەکەیان ڕاگەیاند؛

ئێمەش هەموو بڵاوەمان کردبوو، بۆیە تەنیا من و لاریجانی (سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران) کە لە پەیوەندیدا بووین، بە هاوبەشی بڕیارمان دا لەکاتی ئێوارەدا هەواڵەکە ڕابگەیێنین.''

هۆکاری بانگهێشتکردنی لایەنگران بۆ سەر شەقامەکان

زیاتر لە 150 شەوی لەسەریەکە، لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر داوای بەرپرسانی وڵاتەکە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی و پاڵپشتی لە حکومەت دەڕژێنە سەر شەقامەکان.

قالیباف ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخەکە زۆر ئاڵۆز بووە، چونکە ڕێبەر کوژرابوو هێشتا ئەنجوومەنی رێبەری هەڵنەبژێردرابوو، بۆیە مەترسی ئەوە هەبوو ئاراستەی شەقام بگۆڕدرێت.

 ناوبراو دەڵێت: ''هەر ئەو کات بە بەرپرسیارێتیی خۆمان (لەگەڵ لاریجانی) بڕیارمان دا داوا لە خەڵک بکەین بێنە سەر شەقامەکان.''

ناوبراو ڕژانە سەر شەقامی لایەنگرانی حکومەت بە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەزانێت و جەخت دەکاتەوە: ''ئەگەر خەڵک لە رۆژی شەهیدبوونی رێبەر نەهاتبووانە دەرەوە، لەوانە بوو ئاراستەیەکی جیاوازی شەقاممان بینیبووایە.''

بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر چوار گۆڕەپان

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕوونیشیکردەوە کە بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر چوار ''گۆڕەپان'' بەردەوامە کە بریتیین لە،گۆڕەپانی سەربازی، گۆڕەپانی دیپلۆماسی،گۆڕەپانی خزمەتگوزاری، گۆڕەپانی شەقام

قالیباف هۆشداریی دا لە جیاکردنەوەی ئەم گۆڕەپانانە لە یەکدی و ڕایگەیاند: ''جیاکردنەوەی ئەم گۆڕەپانانە بە واتای لاوازکردنی ئێران دێت و پێویستە پێکەوە و هاوئاهەنگ کار بکەن.''

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.