سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی توند لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و ڕایگەیاند، واشنتن بەهۆی هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی لە دوورگەی قشم "باجی قورس دەداتەوە".
محەمەد باقر قاڵیباف، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکای بۆ سەر خاکی ئێران دایەوە و نووسیویەتی: "ئەمریکا ڕۆژانە دەستی خۆی بە تاوانێکی نوێ سوور دەکات و هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر خێزانە نیشتەجێبووەکانی دوورگەی قشم، درێژەی زنجیرە تاوانەکانیەتی."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە گۆڕەپانی جەنگدا تووشی شكست هاتوون و دەڵێت: "ئەمریکییەکان ڕاهاتوون ئەو زللەیەی لە مەیدانی جەنگدا دەیخۆن، بە ڕشتنی خوێنی بێتاوانەکان قەرەبووی بکەنەوە، بەڵام بێگومان باجەکەی دەدەنەوە."
ئەم لێدوانەی قاڵیباف لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی پێرێ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دوورگەی قشمی سەر بە ئێران و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونیان بۆمباران کرد، کە بەهۆیەوە کوژرانی سێ ئەندامی خێزانێک و برینداربوونی دوو منداڵ لەو هێرشەدا پشتڕاستکرایەوە، ئەوەش کاردانەوەی توندی بەرپرسانی تاران لێکەوتەوە.