کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەوتنی لە دانوستانە تەکنیکی و سیاسییەکانی لەگەڵ سەلتەنەتی عومان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز ڕاگەیاند، کە ڕێڕەوێکی ئاوی سەرەکیی بازرگانیی نەوت و گازە لە جیهاندا.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لە نێوان جێگرانی وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات لە تاران بەڕێوە چووه و تیشکیان خستووەتە سەر داڕشتنی بنەما هاوبەشەکان و میکانیزمی جێبەجێکردن بۆ دابینکردنی ئاسایشی دەریایی لە گەرووەکەدا بە شێوازێک، ڕێز لە مافی سەروەری هەردوو وڵات بگرێت.
ئەم دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییە دوابەدوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 7ی تەممووزدا هات، دوای ئەوەی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیران بۆ ئارامکردنەوەی گرژییەکان کۆتایی پێ هات. لە لایەکی دیکەوە، میدیا ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە، کە پێنتاگۆن پلانی بەردەوامبوونی هێرشەکانی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ کردووە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری وەستاندنی هێرشەکانی داوە تاوەکو ڕێگە بۆ ڕێککەوتنی نوێ لە ڕێگەی نێوەندگیریی عومانەوە بڕەخسێنرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا ڕووی نەداوە.