موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ئەمنی ئێران، لە لێدوانێکی ڕاستەوخۆدا هەڕەشەی توندی لە وڵاتانی دراوسێ کرد و ڕایگەیاند، لە ئەگەری هاوکاریکردنی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران، فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتانەش ڕادەگیرێن.
موحسین ڕەزایی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی خەبەر ڕایگەیاند: "ئەگەر لە تەنیشت ئەمریکا بوەستن، ئێمە دەستەوەستان دانانیشین." ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر وڵاتانی دراوسێ بەشێک بن لە ڕاگرتنی پروازەکانی ئێران، ئەوا "فڕۆکەخانەکانی ئەوانیش توانای گەشتیان تێدا نامێنێت."
ئەم لێدوانە توندانە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر پیشەسازیی و فڕۆکەوانیی ئێران دەستیپێکردووە. لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێرانی و دەیان کەسایەتی و دامەزراوەی پەیوەندیداری خستووەتە لیستی سزاکانەوە. هاوكات وڵاتانی وەک کۆماری ئازەربایجان لە 31ی سێپتەمبەرەوە گەشتی کۆمپانیا ئێرانییەکانی بۆ وڵاتەکەی بە تەواوی ڕاگرتووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەزایی بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی ئێران تاوەکو ئێستا نزیکەی 180درۆنی پێشکەوتووی ئەمریکییان خستووەتە خوارەوە.
دەربارەی ئەگەری دانوستان لەگەڵ واشنتن، ناوبراو ڕایگەیاند کە تاران ناگەڕێتەوە بۆ دیپلۆماسیی ڕابردوو و جەختی کردەوە: "تاوەکو ئەمریکا بە تەواوی دیپلۆماسی و مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکات، گەرووی هورمز بەڕووی بازرگانیدا ناکرێتەوە و هیچ دانیشتن و دانوستانێک ناکرێت."