وەزیری گەنجینەی ئەمریکا توندبوونەوەی گەمارۆ ئابووری و ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند و ئاماژەی بە پەککەوتنی زۆربەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی تاران کرد.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی " ریکخستنەوەی ئابووری" (Operation Economic Outcast)، ئیدارەی واشنتن توندترین گوشاری خستووەتە سەر ئابووری و سیستەمی گوواستنەوەی ئاسمانیی ئێران.
بێسێنت ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 80٪ بۆ 90٪ی گەشتە ئاسمانییە دەرەکییەکانی ئێران بەهۆی سزا تازەکانەوە ڕاگیراون.
لە بەشێکی لێدوانەکەیدا، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بێهیوایی خۆی نیشاندا دەربارەی گەڕانەوەی شاندی دیپلۆماسیی ئێران کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکن و گوتی: "پێم سەیرە و دەمهەوێت بزانم شاندەکەی ئێران چۆن دەگەڕێنەوە ماڵەوە."
بێسێنت هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی هەموو ئەو لایەن، بازرگان و دامەزراوە داراییانە کرد کە لەسەر ئاستی جیهان هاوکاری ئێران دەکەن و وتی: "ئێمە زۆر بە روونی پێمان ڕاگەیاندوون؛ ئاگادارین کێن و چی دەکەن."
دەربارەی ماوە و ئامانجی هەڵمەتەکە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە سزا و گوشارەکان ڕەنگە هەفتە یان مانگانێک بەردەوام بن.
ئەمریکا ئامانجیەتی یەکێک لەم سێ ئەنجامە بەدەستبهێنێت: دروستبوونی دووبەرەکی و کەرت بوون لە ناو سەرکردایەتی ئێراندا، دروستبوونی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ناوخۆی وڵاتەکە، یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە تێیدا تاران تەواوی پابەندبوونی خۆی نیشان بدات.
ئەمەش بەڕوونی لە قسەکانی سەرۆکی ئەو وڵاتە دۆناڵد ترەمپدا دیارە کە چەندین جار لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانیدا باسی لیوە کردووە.