دوای ئەوەی پەرلەمانی ئۆکرانیا بە فەرمی ڕێککەوتنامەی بازرگانیی ئازادی لەگەڵ تورکیادا پەسەند کرد، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی ئەم هەنگاوە ستراتیژییە کردەوە.
عومەر بۆڵات ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیە لە لایەن تورکیاوە لە ساڵی 2024دا کۆتایی پێهاتبوو، ئێستاش بەم بڕیارەی پەرلەمانی ئۆکرانیا، قۆناغێکی مێژوویی و زۆر گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بڕدراوە.
وەزیری بازرگانیی تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیەوە، نزیکەی 90%ی بازرگانیی نێوان ئەنقەرە و کیێڤ بە شێوەیەکی دوولایەنە ئازاد دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی توانای ڕکابەریکردنی هەناردەکارانی تورکیا لە بازاڕەکانی ئۆکرانیادا، هاوکات پەیوەندییە لۆجیستییەکان و پڕۆژەکانی بەڵێندەرایەتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا پارێزراوتر و ئاسانتر دەکات.
عومەر بۆڵات ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕێککەوتنامەیە دەبێتە هاندەر و پاڵنەرێکی گەورە بۆ ئەوەی هەردوو دەوڵەت نزیک ببنەوە لە بەدیهێنانی ئامانجی بازرگانیی هاوبەشیان، گەیشتنە بە 10 ملیار دۆلار، کە ئەم ئامانجەش پێشتر لە لایەن سەرۆکی هەردوو وڵاتەوە دەستنیشان کرابوو.