ڕاستەوخۆ

کۆڵبەرێکی دیکە لە ڕۆژهەڵات بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا

reset font size increase font size

بارودۆخی ئەمنی لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام ڕوو لە خراپی دەکات، لە نوێترین حاڵەتدا، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی سەردەشت لە سنووری سەوڵاوا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ توندترکردنی ڕێوشوێنە سەربازییەکانی سەر سنوور بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی نووچە تیڤی، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، کۆڵبەرێکی گەنج بە ناوی زانیار، کە خەڵکی شاری سەردەشت بووە و بۆ بژێوی ژیان ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامان کردبوو، لە کاتی کارکردندا لە سنووری گوندی "دەرەکی" سەر بە شارۆچکەی سەوڵاوا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەستدا.

دوای ڕووداوەکە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە گەنجە بۆ نەخۆشخانەی بووعەلی لە شاری مەریوان گواستراوەتەوە. تا ئێستاش لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، تەنیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، لە ئێوارەی 9ی تەممووز، هێزە سنوورییەکان لە هەمان ناوچە تەقەیان لە ئۆتۆمۆبیلی خێزانێک کرد لە کاتی گەڕانەوەیان لە باخەکەیان. لەو ڕووداوەدا، هەرزەکارێکی 15 ساڵە بە ناوی "سام حەسەنی" دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و باوکی بە ناوی "ئەحسەن حەسەنی" لە قاچەوە بە سەختی بریندار بوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنیا لە ماوەی 2 هەفتەی ڕابردوودا 3 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون، کە بریتین لە، سیروان خۆشنەمەکی (18 ساڵە) لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان. هەورەها وەزیر ڕەحیمی (57 ساڵە) لە ناوچەی نەوسوود. کۆتا هاوڵاتیش بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا، زانیار بوو لە ناوچەی سەوڵاوا.

لە ماوەی 4 مانگی ڕابردوودا و بە تایبەت دوای پەرەسەندنی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا، سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چڕی سەربازی کراون و کەوتوونەتە ژێر چاودێریی توندەوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی سەر سنوورەکان بە ڕێژەی 90% پاشەکشە بکات، ئەمەش زیاتر بژێوی ژیانی خەڵکی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

کۆڵبەرانی کورد بەهۆی نەبوونی هەلی کار و دۆخی خراپی ئابوورییەوە ناچارن پەنا ببەنە بەر ئەم کارە سەختە، ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام لە ژێر مەترسیی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، ڕەقبوونەوە لە سەرما و کەوتنەخوارەوە لە شاخە بەرزەکاندان.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش داوا دەکەن دەستبەجێ بەکارهێنانی چەک و هێزی سەربازی دژی کۆڵبەرانی بێ بەرگری ڕابگیرێت.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.