شه‌وی ڕابردوو چه‌ند جارێك به درۆن هێرشكرایه سه‌ر ناوچه جیاكانی هه‌رێمی كوردستان، به‌و هۆیه‌شه‌وه له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێم ده‌وام ڕاگیرا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ی دوێنێ شه‌ممه هێرشه‌كان ده‌ستیانپێكرد، به درۆنێك هێرشكرایه سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا به‌ڵام تێكشكێنرا، دواتر هێرشه‌كان له كاتژمێر 11ی شه‌وی ڕابردوو به چڕی ده‌ستیانپێكرد و ده‌نگی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بیستران، به درۆنێكیش هێرشكرایه سه‌ر شاری دهۆك و بێ زیان بوو.
جگه له هه‌ولێر هێرشه‌كان هه‌ریه‌كه له سۆران، كۆیه، مه‌خمور، قوشته‌په، باڵه‌كایه‌تی گرته‌وه، به‌هۆیانه‌وه سێ كه‌س به سوكی برینداربوون و زیانی مادییش به‌ر ماڵێك كه‌وتووه.
به‌هۆی هێرشه درۆنییه‌كانه‌وه له سنوری هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و سۆران كرانه پشوو، به‌ڵام ڕاگرتنی ده‌وام سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی نه‌گرته‌وه.
له په‌یامێكدا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداریی توندیدا و ڕایگه‌یاند، زیاتر له 450 جار به موشه‌ك و درۆن هێرشكراوه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و پێنج جاریش هێرشكراوه‌ته سه‌ر باره‌گاكه‌ی ئه‌وان.
داواشی له ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كرد خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه و ڕێگریی له‌و هێرشانه‌ی سه‌ر هه‌رێم بكه‌ن.