لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاشکرایکرەووە، ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ لیبیا، ڕووبەڕووی پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤ دەبنەوە لە کەمپەکانی دەستبەسەرکردندا، لەوانەش ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی.
لە دوای ڕوخانی حکومەتەکەی موعەمەر قەزافی سەرۆکی لیبیا و بەهاری عەرەبیەوە، لیبیا، کە تەنها 300 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی ئیتالیاوە دوورە لە دەریای ناوەڕاستەوە، بووەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕۆشتنی کۆچبەران بۆ ئەو کەسانەی هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتیدا، چەندین پێشێلکاری جۆراوجۆری مافی مرۆڤ ئاشکرا دەکات و دەڵێت، زۆرجار کۆچبەران لەلایەن تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەڕفێندرێن، کە هەندێک لەو تۆڕانە پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانی لیبیاوە هەیە.
تامین ئەلخیتان، گوتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤی سویسرا دەڵێت: "بەشێکی کۆچبەران بە زۆرەملێ لە خێزانەکانیان جیا دەکرێنەوە، دەستگیر دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ
شوینی نادیار".
ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ نزیکەی 100 کەس لە 16 وڵاتی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا، ماوەی دوو ساڵ باس دەکات، لە مانگی یەکی ساڵی 2024 تا کانوونی یەکەمی 2025 دەگرێتەوە و باس لە حاڵەتەکانی ناچارکردنی پیاوان دەکات کە بەبێ مووچە و خواردن کاریان پێدەکرێت، هەروەها باس لە حاڵەتەکانی جیاکردنەوەی کچان لە دایکیان دەکات.
نەتەوە یەگرتووەکان دۆخی ئەو کۆچبەرانە بە "واقیعێکی دڕندانە" و ''مۆدێلێکی ئیستغلالکار" ناودەبات.
دەڵێت نزیکەی پێنج هەزار کەس کە لە کەمپە کۆچبەرییەکاندا ڕاگیراون و تووشی توندوتیژی سێکسی و جێندەری، ئەشکەنجەدان، کۆیلایەتی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوونەتەوە.
گەنجێکی سودانی باشور کە توانیویەتی هەڵبێت، دەڵێت ئەگەر پارەت هەبێت، ئەوا پارەی دەرچوونت دەدەیت و دەڕۆیت؛ ئەگەر نا، دەبێت خۆت دووچاری مەترسسیەکی گەورە بکەیتەوە و هەڵبێیت، کە زۆرجار ڕووبەڕووی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ دەبیتەوە و لەوانەیە بمریت.
ژنێکی خەڵکی ئێریتریا کە بۆ ماوەی دوو مانگ لە ماڵێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، لە شاری تۆبروک لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا دەستبەسەرکرابوو، دەڵێت کە چەندین جار لەلایەن پیاوانەوە دەستدرێژی کراوەتەسەر و دەڵێت خۆزگە بمردمایە و دۆخەکەی بە "گەشتێک بەناو دۆزەخدا" پێناسە کردووە.
سوکی ناگرا، نوێنەری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا ڕایگەیاند، ژنانی کەمپەکان دوچاری چەندین شێوازی ئەشکەنجە و لێدان و دەستدرێژی بونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا نەتەوە یەگرتووەکان داوای لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کردووە "بۆ ڕیگریکردن لەم مۆدێلە ترسناکە، پێویستە چاکسازیی یاسایی و سیاسەتی بەپەلە بکرێت"، داوای لە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی کردووە بوەستن لە ناردنەوەی پەنابەران بۆ لیبیا تا ئەو کاتەی پارێزگارییەکی گونجاو لە مافەکانی مرۆڤ دەستەبەردەکرێت.