بەبۆنەی یەکی ئایار و ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، ڕۆژی ڕابردوو لە کوردستان و سەرانسەری جیهان چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم یادە و داواکردنی مافی کرێکاران بەڕێوەچوو.
لە باشوری کوردستان و بەتایبەت لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، شنگال و مەخمور کرێکاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ڕێپێوان و کۆبوونەوەی جەماوەری ئەم ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

لەم کۆبوونەوانەدا جەخت لە سەر پێویستیی کاراکردنی یاسای کار و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت کرایەوە.
بەشداربووان داوایان کرد، حکومەت چاودێریی توندتر بخاتە سەر شوێنەکانی کار بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران و ڕێگریکردن لەو ڕووداوانەی بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتییەوە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانیان.

هەروەها لە باکوری کوردستان و بەتایبەتی لە شاری ئامەد، لە ژێر دروشمی "بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، بە کار و تێکۆشان بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێین"، میتینگێکی بەرفراوان سازکرا. لەم چالاکییەدا کە چەندین لایەنی سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنی تێیدا بەشداربوون، دروشمەکانی "کار، ئاشتی، کار" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرانەوە.

هاوکات لە ئیستەنبوڵ، سەرەڕای قەدەغەکردنەکان و لە ژێر گەمارۆی هێزە ئەمنییەکاندا، لە مەیدانی تەقسیم کۆبوونەوەی جەماوەریی بەڕێوەچوو و بە دروشمی "هەموو شوێنێک تەقسیمە و هەموو شوێنێک بەرخۆدانە" پێشوازییان لە یەکی ئایار کرد.

لە دەرەوەی وڵاتیش، لە شارەکانی دارمشتات و دۆیسبۆرگی ئەڵمانیا، بە سەدان کوردستانی و لایەنی دیموکرات بە ڕێپێوان یادی یەکی ئایاریان بەرز ڕاگرت و پشتگیریی خۆیان بۆ مافی کرێکاران دووپات کردەوە.
لە ئاستی جیهانیشدا، ئەمساڵ یەکی ئایار ڕەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبوو و لە زۆربەی وڵاتان خۆپیشاندانی ملیۆنی بەڕێوەچوو.
لە پایتەختە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمریکای لاتین، کرێکاران بە بەرزکردنەوەی دروشمی جیاواز داوای زیادکردنی حەقدەست و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاریان دەکرد، تاوەکو لەگەڵ ئاستی هەڵاوسان و بژێوی ژیانی ئێستادا بگونجێت.